ناوهڕۆك
سەرمایەگوزاری بیانی
لە سایەی بنەمای نوێی دابەشکردنی کاری نێودەوڵەتیدا کە کرداری بەرهەمهێنانی یەک جۆر شمەک بەسەر چەند وڵاتێکدا دابەش دەبێت، لەسەر ئەم بنەمایە کۆمپانیا فرە ڕەگەزەکان ستراتیژییەتی بەرهەم و بە بازاڕخستن دادەڕێژن، کە جیهان بە یەک بازاڕ دادەنێن و ڕۆڵی هەر یەکە لە پڕۆسەی بەرهەمهێنان بەپێی بەرنامە و پلانی کۆمپانیاکان دیاری دەکرێت. ئاستی گەشەی سەرمایەگوزاری ڕاستەوخۆی بیانی بە ڕێژەیەکی خێراتر و گەورەتر زیادی کرد لەچاو گەشەی بازرگانی نێودەوڵەتی و جیهانی.
ڕێژەی گەشەی سەرمایەگوزاری ڕاستەوخۆی بیانی لە نەوەدەکانی سەدەی بیستدا بە تێکڕای ١٢٪ زیادی کرد، کۆمپانیا فرە ڕەگەزەکان بەوپەڕی توانایانەوە سەرۆکایەتی ئەم ئاڕاستەیەیان کرد، تاوەکو پشتگیری زیاتری جیهانگیری بکەن، کە لە ئاکامدا چەندین هاوپەیمانێتی ستراتیژی لە نێوانیاندا دروست بوو، شوێنەوارەکانیش لە سەرجەم بوارەکاندا دیار بوو بە تایبەت لەبواری تەکنەلۆژیا و بازاڕەکاندا.
لە لایەکی دیکەوە ئەو پێشکەوتنە گرنگەی کە لە سەرمایەگوزاری ڕآستەوخۆی بیانی لە نیوەی دووەمی نەوەدەکانی سەدەی بیستەم ڕوویدا، بەشێکی گەورەی لێشاوی ئەو سەرمایەگوزارییە لە پڕۆسەی یەکگرتن و تێکەڵبوون بەرهەمهات.
ئەوەی لەم بوارەدا تێبینی دەکرێت مەبەستی یەکگرتن و تێکەڵبوون بەڕێی سنوور دەگەڕێتەوە بۆ ئارەزووی کۆمپانیا فرە ڕەگەزەکان لە پەیڕەوکردنی ئەم جۆرە سەرمایەگوزارییە بیانییە ڕاستەوخۆیە، گەر بەراورد بکرێ لەگەڵ بە دامەزراندنی کۆمپانیای تازە، چونکە کۆمپانیای دایک توانای سوود وەرگرتنی ماددی و مرۆیی و تەکنەلۆژی ئەو کۆمپانیایانە ڕایدەکێشێت و کۆنترۆڵی دەکات، ئەمە جگە لە کەڵکەکانی دابەشبوونی مەترسی و زیادکردنی قەبارەی چالاکییەکانی، کە لە ئاکامدا دەسەڵاتی کێبڕکێی کۆمپانیاکە لەسەر ئاستی جیهانی فراوانتر دەکات، بەم جۆرە ڕۆڵی کۆمپانیا فرە ڕەگەزەکان کە لە زۆربەی کاتدا بە لێشاو دەڕژێتە ناو وڵات لە دەوڵەمەندکردنی جیهانگیری بەرهەم قووڵتر و بەهێزتر دەبێت.